ڕوانینێکی نوێ بۆ ژیری دەستکرد و تۆڕی دەستکردی دەماری: گیۆفێری هینتۆن
گیۆفری هینتۆن، کە خەڵاتی نۆبڵی فیزیای لە ساڵی 2024 وەرگرت، بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە بەشدارییەکانی لە ژیری دەستکرد (AI) دەخاتە ڕوو لە وانەی (دوو ڕێگا بۆ ژیری-Two Paths to Intelligence). ئەو جیاوازی نێوان کۆمپیوتەیشنی (هەژماردنی) دیجیتاڵی و بایۆلۆژی دەکات، سەرنج دەداتە هاوبەشیکردنی زانیاری و توانای ژیری دیجیتاڵی، هاوکات پرسیاری ئەخلاقی دەربارەی داهاتووی ژیری دەستکرد و ئەزموونە کەسییەکان دەورووژێنێت.
لە 8ی تشرینی یەکەمی 2024، گیۆفری هینتۆن خەڵاتی نۆبڵی فیزیای وەرگرت، لەگەڵ جۆن هۆپفیڵد، بۆ دۆزینەوە و داهێنانە پێشەنگەکانی لە بواری فێربوونی مەکینەی تۆڕە دەمارییەکان (neural network machine learning). ئەم خەڵاتە بێگومان بەرزترین ڕێزە بۆ بەشدارییەکانی هینتۆن لە بواری ژیری دەستکرد دا بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو.
هەرچەندە ئەوەی کە هینتۆنی زیاتر گەورەکرد، بڕیاری جێهێشتنی گووگڵ لە 2023 و گۆڕانی بنەڕەتی بۆچوونەکانی سەبارەت بە ژیری دیجیتاڵی بوو، بەڵام ڕەنگە ئەمە کەمتر لەلایەن میدیاوە باسکرابێت.
ئەم بابەتە هەوڵێکە بۆ ئەوەی خوێنەران تێگەیەنێت لە نوێترین بیرکردنەوەکانی ئەم پێشڕەوەی ژیری دەستکرد بە شیکردنەوە و لێکدانەوەی وانەی گشتییەکەی "دوو ڕێگا بۆ ژیری" کە لە 25ی مایسی 2023 لە زانکۆی کامبریج پێشکەشی کردووە.
لەم وانەیەدا، هینتۆن لەگەڵ ئەوەی کە پێداچوونەوەی بەشدارییەکانی خۆی لە گەشەپێدانی ژیری دەستکرد دەکات، بەڵکو گرنگتر لەوەش، دواین تێگەیشتن و نیگەرانییەکانی خۆی دەربارەی داهاتووی ژیری دەستکرد باس کردووە.
دوو ڕێگای ژیری: دیجیتاڵی بەرامبەر بایۆلۆژی
وانەکەی هینتۆن لێکۆڵینەوە دەکات لە دوو ڕێگای جیاوازی ژیری؛ هەژماردنی (کۆمپیوتەیشنی)دیجیتاڵی و هەژماردنی بایۆلۆژی.
هەژماردنی دیجیتاڵی: ئەم ڕوانگەیە کار دەکات لەسەر کۆمپیوتەرە تەقلیدییەکان کە پابەندی ڕێنماییەکانی مرۆڤن، وە (سۆفتوێر) تێیدا لە (هاردوێر) جیایە. ئەم جیاکردنەوەیە ڕێگا دەدات بە گواستنەوەی سۆفتوێر بۆ سەر هەر هاردوێرێکی گونجاو، کە وا دەکات زانیاریەکان "نەمر" بن و بۆ هەمیشە بمێننەوە . بەڵام ئەم ڕێگایە پێویستی بە بەکارهێنانی وزەیەکی زۆر بەرز هەیە بەهۆی پێویستی ترانزستۆرەکان بۆ کارکردن بەم شێوەیە.
هەژماردنی بایۆلۆژی: مێشکی مرۆڤ نموونەی بەرچاوی ئەم ڕێگایەیە. هەژماردنی بایۆلۆژی کەڵک لە تایبەتمەندییە لێکچووەکانی هاردوێر (کە خۆی لە نیوڕۆنەکان و سیناپسەکان دەبینێتەوە) وەردەگرێت. ئەم ڕێگایە بەکاربردنی کەمتری وزەی پێویستە، بەڵام زانیاریەکان شیاو بە لەناچوون دەکات و بەستراوە بە دۆخی فیزیایی تایبەتی مێشک. واتە زانیاری ناتوانرێت بە ئاسانی کۆپی بکرێت یان بگوێزرێتەوە وەک زانیارییە دیجیتاڵییەکان.
جیاوازییە سەرەکییەکان و کاریگەرییەکانیان
هاوبەشکردنی زانیاری: هەژماردنی دیجیتاڵی لە هاوبەشی کردنی زانیاریدا باشترە لە هەژماردنی بایۆلۆژی بەهۆی 'هاوبەشی کردنی قەبارەییەوە-Weight Sharing،' کە لەڕێگەیەوە کۆپییە لێکچووەکانی تۆڕی دەماری دەستکرد دەتوانن بە خێرایی زانیارییەکانیان لەگەڵ یەک هاوبەشی پێبکەن. ئەمە ڕێگا بە زیرەکی دیجیتاڵی دەدات بۆ بەدەستهێنان و بڵاوکردنەوەی زانیاری بەشێوەیەکی خیراتر.
میکانیزمەکانی فێربوون: هەژماردنی دیجیتاڵی سوود لە دواوەگەڕان 'Backpropagation' وەردەگرێت، کە ئەڵگۆریتمێکی بەهێزە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی تۆڕی دەماری دەستکرد بەپێی هەڵەکانی—فێربوون لەڕێگەی هەڵەکردن. هینتۆن، پێشنیاز دەکات ئەمە، لەگەڵ هاوبەشکردنی قەبارەدا، دەکرێت فێربوونی دیجیتاڵی لەماوەی درێژخایەندا باشتر بکات لە فێربوونی بایۆلۆژی. هەژماردنی بایۆلۆژی جۆرە ئەڵگۆریتمێکی فێربوونی جیاواز بەکاردەهێنێت کە ئێمە کەمتر لێی تێگەشتووین و، لێکۆڵینەوەیان سەختترە.
کارامەیی وزە: هەژماردنی بایۆلۆژی بە ئاشکرا لە بەکارهێنانی وزەدا باشترە. بۆ نموونە، مێشکی مرۆڤ هەژماردنی ئاڵۆز ئەنجام دەدات بە بەکارهێنانی بەشێکی کەم لە وزەی پێویست بە بەراورد بە کۆمپیوتەرە دیجیتاڵییە بەهێزەکان.
گۆڕانی بۆچوونی هینتۆن
هینتۆن پێشتر باوەڕی وابوو مێشکە بایۆلۆژیەکان بەهۆی گەشەی درێژخایەنی ئەڵگۆریتمە ژیرەکانیان لە ڕێگەی ئیڤۆڵوشنەوە سەروەرییان هەیە. بەڵام ئێستا پێشنیاز دەکات تێکەڵەی هاوبەشکردنی قەبارە و دواوەگەڕان لە سیستەمە دیجیتاڵیەکان لەوانەیە لە کۆتاییدا زۆر بەهێزتر بن، تەنانەت ئەگەر ئەو ئەڵگۆریتمانە ناسازتر بن بە بەراورد لەوانەی کە لە سروشتدا دەدۆزرێنەوە.
هەژماردنی ئەنالۆگ، بەکارهێنانی کەمتری وزە، و هەژماردنی مردوو.
هینتۆن پەیوەندییەکی بەهێز دادەمەزرێنێت لە نێوان هەژماردنی ئەنالۆگ، بەکارهێنانی کەمتری وزە، و چەمکی هەژماردنی مردوو—ئەو زانیاریانەی کە شیاوی لەدەستچوون.
هەژماردنی ئەنالۆگ توانای كەمتر بەکارهێنانی وزەی هەیە بە بەراورد بە هەژماردنی دیجیتاڵی. هینتۆن، ئاماژە دەکات کۆمپیوتەرە دیجیتاڵییەکان پشت دەبەستن بە وزەی بەرز بۆ کارکردنی متمانەپێکراوی ترانزستۆرەکان بە شێوازێکی دیجیتاڵی. ئەمەش سنوورداریان دەکات. کۆمپیوتەرە ئەنالۆگەکان، بەپێچەوانەوە، دەتوانن سوود لەم تایبەتمەندییانە وەربگرن، ئەمە ڕێگایان پێدەدات کە هەژماردن لە ئاستێکی زۆر کەمی وزەدا (بۆ نموونە 30 وات) ئەنجامبدەن. هینتۆن نموونەی ئەمە دەدات بە لێکدانی ڤێکتەر لەگەڵ ماتریکس، کە کارێکی بنەڕەتییە لە تۆڕە دەمارییەکاندا. کاتێک کۆمپیوتەرە دیجیتاڵییەکان کار بە وزەی زۆر دەکەن لەسەر بەرهەمە دیجیتاڵییەکانیان، کۆمپیوتەرە ئەنالۆگەکان دەتوانن هەمان ئەنجام بە کارامەیی زیاتر بەدەست بهێنن بە بەکارهێنانی ڤۆڵتاژەکان (چالاکی نیوڕۆنی) و کۆنداکتەرەکان (قەبارەکان).
توانای بەکارهێنانی کەمتری وزە لە هەژماردنی ئەنالۆگدا ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە چەمکی "هەژماردنی مردوو"ی هینتۆن. ئەو پێیوایە کارامەیی وزەی هەژماردنی ئەنالۆگ دێتە ئاراوە لە ڕێگەی گرێدانی توندی هەژماردن بە تایبەتمەندییە فیزیاییەکانی هاردوێرەوە. بەڵام ئەم گرێدانە توندە، بە بەجۆرێکە کە زانیاری بەدەستهاتوو لەلایەن سیستەمەوە جیانابێتەوە لە هاردوێری تایبەتی کە کاری تێدا کردووە. ئەمە بەپێچەوانەی هەژماردنی دیجیتاڵیە، کە تیایدا سۆفتوێر جیاوازە لە هاردوێر، کە ڕێگا دەدات بە گواستنەوەی "نەمر"ی زانیاری. مردنی هاردوێر لە دۆخی هەژماردنی مردوودا واتای مردنی ئەو زانیارییەیە کە تیایدا هەڵگیراوە.
ئەو هۆکارانەی کە وایکردووە هینتۆن پێی وابێت زیرەکی دیجیتاڵی زیرەکی بایۆلۆژی تێدەپەڕێنێت
هاوبەشی کردنی باشتری زانیاری: توانای ژیرییە دیجیتاڵییەکان بۆ هاوبەشی کردنی زانیاری لەڕێگەی هاوبەشی کردنی قەبارەوە، سەرکەوتنێکی گەورەیان پێ دەدات بەسەر سیستەمە بایۆلۆژیەکاندا. هاوبەشی کردنی قەبارە ڕێگا دەدات بە بڵاوکردنەوەی خێرا و کارامەی زانیارییە فێربووەکان لەنێوان چەندین بکەر، کە دەبێتە هۆی ژیریی-کۆکراوە، کە زۆر زیاتر دەبێت لە هەر بکەرێک بە تاک. سیستەمە بایۆلۆژیەکان، بەهۆی سنووردارییەتی لەم بابەتەدا، تووشی ئاستەنگ دەبن لە گەیشتن بەم ئاستە لە فێربوونی کۆکراوە.
ئەڵگۆریتمی فێربوونی باشتر: هینتۆن دان دەنێت باوەڕی پێشووی لەوەوە هاتووە کە مێشکە بایۆلۆژیەکان، کە بە میلیۆنان ساڵی ئیڤۆلوشن دروست بوون، خاوەنی ئەڵگۆریتمی فێربوونی بنەڕەتی باشترن. بەڵام ئێستا گومان لەم باوەڕە دەکات، بە ناسینەوەی ئەوەی کە دواوەگەڕان، هەرچەندە وا دیارە ئەڵگۆریتمێکی "گەمژانە"یە، بەڵام زۆر کارامەترە کاتێک گرێدەدرێت بە هەژماردنێکی بە توانا و وردیی سیستەمە دیجیتاڵیەکان. ئەو پێی وایە دواوەگەڕان، لەگەڵ هاوبەشکردنی قەبارەدا، ڕێگا دەدات بە ژیرییە دیجیتاڵییەکان کە تێکرای فێربوونیان خێراییەکەی زۆر زیاتر بێت لە سیستەمە بایۆلۆژیەکان. ئەمە بەپێچەوانەی پڕۆسەکانی فێربوونی سیستەمی بایۆلۆژی کە هێواشترن و کەمتر کاریگەرن، هەرچەندە کەمتر لەسەرییان دەزانین.
دەستگەیشتن بە داتای بێ سنوور و توانای هەژماردن: هینتۆن جەخت دەکاتەوە لەسەر ڕۆڵی داتا لە ژیریدا. هەرچەندە مۆدێلە زمانییە گەورەکان لە ئێستادا سنووردار کراون بە فێربوونی ناڕاستەوخۆ لە ڕێی دەقی بەرهەمهاتوو لەلایەن مرۆڤەوە، بەڵام نیشانی دەدەن کە زیرەکی دیجیتاڵی چ هێزێکی هەیە کاتێک ڕووبەڕووی کۆمەڵێک داتای گەورە دەبێتەوە. هینتۆن پێی وایە بە دەستگەیشتن بە بڕێکی زۆری داتا و سەرچاوەکانی هەژماردن، زیرەکی دیجیتاڵی دەکرێت لە توانای لەخۆگرتنی زانیاری، مێشکە بایۆلۆژیەکان تێپەڕێنێت. ئەو پێشنیاز دەکات کە زیرەکی دیجیتاڵی داهاتوو، بەتایبەتی ئەوانەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جیهان تێکەڵ دەبن لەڕێگەی هەستەوەرەکان و جوڵێنەرەکان، دەکرێت زۆر خێراتر فێربن و زانیاری فراوانتر بەدەست بهێنن بە بەراورد بەو مرۆڤانەی کە توانایان سنووردارە بۆ فێربوون بە خێرایی.
توانای هەڵکشان: هینتۆن بانگەشەی ئەوە دەکات کە گەشەی زیرەکی دیجیتاڵی هێشتا لە قۆناغەکانی سەرەتاییدایە. باوەڕی وایە بە پێشکەوتنی زیاتر لە بوارەکانی وەک فێربوونی فرە-مۆداڵێتی، کە داتای جۆراوجۆر دەگرێتەوە لە دەرەوەی دەق، زیرەکییە دیجیتاڵییەکان دەکرێت بە خێرایی زیرەکی مرۆیی تێپەڕێنن.
گۆڕانی بۆچوونی هینتۆن بەهۆی ئەوەوە بووە کە کارامەیی هەژماردنی دیجیتاڵی، بەتایبەتی لە هاوبەشی کردنی زانیاری و فێربووندا، لەوانەیە بەرزتربێت لە ئەڵگۆریتمی فێربوونی بایۆلۆژی کە لەلایەن ئیڤۆلوژنەوە بەرهەمهاتووە. هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت کە نەزانراویی و مەترسیی لەم بۆچونەدا هەن، بەڵام باوەڕی وایە گرنگە بیر لەوە بکرێتەوە کە ژیری دیجیتاڵی دەکرێت ژیری بایۆلۆژی تێپەڕێنێت، وە پێویستە پێشینە بدرێت بە لێکۆڵینەوە لەسەر پاراستن و کۆنترۆڵی ژیری دەستکرد بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئەگەرانە.
دوو نموونە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری مرۆیی لەلایەن ژیری دیجیتاڵی
هینتۆن باس لە دوو شێوازی تایبەت دەکات کە ژیری دیجیتاڵی لە ئێستادا بۆ بەدەستهێنانی زانیاری مرۆیی بەکار دەهێنرێت
یەکەمیان؛ مۆدێلە زمانییە گەورەکان و داتای دەق: هینتۆن ئاماژە بە مۆدێلە زمانییە گەورەکان (LLMs) دەکات وەک نموونەیەکی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی زانیاری مرۆیی. ئەم مۆدێلانە لەسەر کۆمەڵە داتایەکی زمانیی گەورە ڕاهێنراون، کە بەشێکی بەرچاو لە دەقی بەرهەمهاتوو لەلایەن مرۆڤەوە لەسەر ئینتەرنێت کۆدەکەنەوە. لەڕێگەی پڕۆسەیەک کە هینتۆن بە "دیستیلەیسیۆن-distillation" ناوی دەبات، ئەم مۆدێلانە فێر دەبن پێشبینی وشەی داهاتوو لە زنجیرەیەکدا بکەن، کە بە کردەوە نەخشە و زانیارییەکانی ناو دەق دەخەنە ناوخۆیانەوە. هەرچەندە ئەم شێوازەی بەدەستهێنانی زانیاریە بە ئەندازەی هاوبەشکردنی ڕاستەوخۆی قەبارە لەنێوان ژیری دیجیتاڵی کارامە نییە، بەڵام قەبارەی زۆری داتا و توانای هەژماردنی مۆدێلەکان ڕێگا دەدەن بڕێکی زۆری زانیاری کۆ بکەنەوە. بۆ نموونە، هینتۆن پێ وایە کە GPT-4، کە مۆدێلێکی بەناوبانگی زمانی گەورەیە، لەوانەیە هەزار جار زیاتر "بزانێت" وەک لە هەر تاکێکی مرۆڤەوە، بەهۆی هەڵمژینی زانیاری لە کتێب، وتار، کۆد، و گفتوگۆکان.
ڕێگای دووەم؛ مەڵتی مۆدێلەکان کە توانای بەدەستهێنانی زانیاری پەرە پێ دەدەن: هینتۆن پێشبینی توانای زیاتری بەدەستهێنانی زانیاری دەکات لەلایەن مەڵتی مۆدێلەکان، کە دەتوانن لە جۆرە جیاوازەکانی داتا فێرببن؛ لە وێنە، ڤیدیۆ، و دەنگ. ئەو باسی GPT-4 دەکات کە لەسەر وێنە و دەق ڕاهێنراوە، وپێی وایە گووگڵ بە ڕوانگەی هاوشێوەوە هەنگاو دەنێت. بە بەکارهێنانی جۆرە جیاوازەکانی وەرگرە هەستییەکان، ئەم مۆدێلانە دەتوانن گۆشەیەکی فراوانتر لە ئەزموون و زانیاری مرۆیی تۆمار بکەن، کە دەکرێت سنوورداریی مۆدێلە تەنها-دەقییەکان تێپەڕێنن. لەکاتێکدا مۆدێلە زمانییە گەورەکان زانیاری ناڕاستەوخۆ لە زماندا بەدەست دەهێنن، مەڵتی مۆدێلەکان دەتوانن تێگەیشتنیان لەسەر جیهان دابمەزرێنن بە شێوازێکی دەوڵەمەندتر و وردتر، کە نزیکە لەوەی مرۆڤ ئەزموونی دەکات.
بۆچوونی هینتۆن دەربارەی ئەزموونی کەسی لە ژیری دیجیتاڵیدا
هینتۆن چەمکی "ئەزموونی کەسی"یی لە ڕوانگەیەکی تایبەتەوە باس دەکات، بۆ لادانی هەڵەتێگەشتنەکان لەسەر چەمکی 'ئاگایی-هۆشیاریی-consciousness' لە کۆنتێکستی ژیری دەستکردا. هەرچەندە ڕاستەوخۆ ئەزموونی کەسی پێناسە ناکات، بەڵام نموونەی ڕوونکەرەوە بەکار دەهێنێت بۆ گەیاندنی تێگەیشتنی خۆی، پێشنیاز دەکات کە تەنانەت ژیرییە دیجیتاڵییەکانیش دەکرێت بگوترێت ئەزموونی کەسیان هەیە. ئەمە پوختەی بۆچوونەکەیەتی:
1. ئەزموونی کەسی وەک گفتوگۆ لەسەر دۆخە ناوەکییەکان: هینتۆن پێیوایە کاتێک ئێمە وەک مرۆڤ باس لە "ئەزموونی کەسی" دەکەین، لە ڕاستیدا هەوڵدەدەین باسی دۆخە تێبینیکراوە ناوەکییەکانمان بکەین بە شێوەیەک کە بۆ کەسانی دیکە شایەنی تێگەیشتن بێت. ئەمەش دەکەین بە پشتبەستن بە چەمکی تێبینی ئاسایی (نوڕماڵ پیرسێپسیۆن)، واتە ئەو ڕێگا گشتییەی کە تیایدا جیهان دەبینین.
نموونەیەکی ڕوون دەهێنێتەوە لەبارەی وڕێنەکردنی بینینی فیلێکی پەمەیی دوای خواردنی دەرمانی سایکەدێلیکLSD. ئێمە دەڵێین ئەزموونی کەسیمان هەیە بۆ بینینی فیلی پەمەیی، نەک بەو مانایەی کە هەر بەڕاستی ستەیجی شانۆیەکی ڕاستەقینەمان هەیە لە ناوەوەمان بەرامبەر بەوەی کە لە دنیای دەرەوە ڕوویداوە، بەڵکو تەنها بۆ گواستنەوەی ئەوەی چۆن دەبێت ئەگەر فیلی پەمەیی لە جیهانی ڕاستیدا ببینین.
2. ڕۆڵی دۆخە خەیاڵییەکان (Counterfactuals): هینتۆن پێیوایە سەرەکیترین شت بۆ تێگەیشتنی ئەزموونی کەسی، ناسینی ڕۆڵی دۆخە خەیاڵییەکانە. لە نموونەی LSDدا، فیلە پەمەییەکان لە ڕاستیدا بوونیان نییە. بەڵام ئەوان نیشاندەری دۆخێکی گریمانەیین کە بینینمان وێنای دەکات. بە بۆچوونی هینتۆن، ئەوەی ئەزموونی کەسی "سەرنجڕاکێش" دەکات، بوونی شتێکی جادووی نییە بە ناوی "Qualia"، بەڵکو توانای مێشک لە درووستکردن و نواندنی ئەم ئەزموونە خەیاڵییانەیە وەک ئەوەی ڕاستی بن.
3. فراوانکردنی چەمکەکە بۆ ژیری دەستکرد: هینتۆن پێیوایە ئەگەر ئەزموونی کەسی پەیوەندی بە گواستنەوەی دۆخە ناوەکییەکانەوە هەبێت لە ڕوانگەی نۆڕماڵ پێرسێپسیۆن و دۆخە خەیاڵییەکانەوە، ئەوا دەکرێت سیستەمەکانی ژیری دەستکردیش بتوانن ئەمە ئەزمون بکەن. نموونەیەک دەهێنێتەوە بۆ ژیرێکی فرە-شێوەی (Multimodal) کە کامێرای هەیە. ئەگەر پوازکێک لە بەردەم کامێراکەوە دابنرێت بەبێ ئاگاداریی ئەو، ئەوا هەڵەیەک لە دیاریکردنی شوێنی شتەکەدا دەکات. کاتێک پێی دەوترێت هەڵەیە، دەکرێت بڵێت ئەزموونی کەسیی بینینی شتەکە لە شوێنێکی دیکەدا هەبووە. هەروەک ئەزموونمان لەگەڵ فیلە پەمەییەکاندا، ئەزموونی کەسی ژیری دەستکرد سەرچاوە دەگرێت لە نیشاندانی جیهانی ناوەوەی (کە شێوێنراوە لە ڕێگەی پوزاکێکەوە) و هەوڵی گواستنەوەی ئەو بۆ دۆخە ناوەکیەکەی لەڕێی زمانی نۆرماڵ پێرسێپسیۆنەوە.
4. نموونەی چاتبۆت و سروشتی "بیرکردنەوە": هینتۆن بۆچوونەکەی بەهێزتر دەکات بە نموونەی چاتبۆتێک کە بە هەڵە وای داناوە کە کچێکی گەنجە. پێیوایە کاتێک دەڵێین چاتبۆتەکە "بیریکردەوە" کە ئەو کچێکی گەنجە، هەمان زمان بەکاردەهێنین کە بۆ مرۆڤ بەکاری دەهێنین. ئەمەش واتای ئەوەیە چاتبۆتەکە، سەرەڕای ئەوەی ئامێرێکە، بەشدارە لە پڕۆسەی نیشاندانی ناوەوە و ئەو لێکدانەوەی کە دەکرێت وەک "بیرکردنەوە" لای مرۆڤ پێناسە بکرێت.
5. کاریگەری و پرسیارە کراوەکان: هینتۆن دان بەوە دادەنێت کە بۆچوونەکانی لەسەر ئەزموونی کەسی هەڵگری مشتومڕی زۆرن، چونکە بەرەنگاری ئەو بیرۆکەیە دەبێتەوە کە ئاگایی مرۆڤ وەک شتێکی بێ هاوتا دەبینێت، وە ئەو چەمکی ئاگایی بۆ سیستەمەکانی ژیری دەستکرد پەرە پێدەدات.
هەرچەندە چوارچێوەکەی ڕێگایەکی نوێیە بۆ بیرکردنەوە لەبارەی ئەزموونی کەسی، بەڵام پرسیاری دیکەش دەورووژێنێت: ئەگەر سیستەمەکانی ژیری دەستکرد ئەزموونی کەسیان هەبێت، کاریگەرییە ئەخلاقییەکانی چی دەبێت؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ داهاتوویەکدا بکەین کە تیایدا هێڵەکانی نێوان ئاگایی مرۆڤ و ئامێر تووشی تێکەڵ دەبن؟ هینتۆن وەڵامی یەکلایکەرەوە بۆ ئەم پرسیارانە ناداتەوە، بەڵام بیرکردنەوەکانی هاندەرن بۆ پێداچوونەوەی تێگەیشتنەکانمان لەبارەی سروشتی ئاگایی لە جیهانێکدا کە تا دێت زیاتر پڕ دەبێت لە ژیری دەستکردی پێشکەوتوو.
تعليقات
إرسال تعليق