زانست و نازانست

 


کاڕڵ پۆپەر و ڕوانینێکی تر بۆ زانست و کێشەی جیاکردنەوەی زانست و زڕ زانست.




لەم کورتە باسەدا، لەسەر فەلسەفەی زانست دەدوێین. بەداخەوە ئێمە لەم بوارەدا کەمترین کتێب و دەستنوس و وتارمان هەیە. ئاشکرایە کە کایەی فەلسەفەی زانست، مێژوویەکی دێرینی هەیە هەر لە ئەرستۆ و یۆنانی کۆن، تاوەکو لە سەدەی بیست کە بووە بابەتێکی سەربەخۆی نێو فەلسەفە موزافەکان، ئێستاش باسخوخواسێکی گەرم و زیندووی لەسەر هەیە. لێرەدا هەوڵدەدەین سەرەقەلەمێک لەبەشێکی کەم و دیاریکراوی ئەو بابەتە بدوێین، ئەویش تەنها تیوری یەک زانا باس دەکەین . تێوریاکە ناوی بەهەڵەخستنەوە یە بە ئینگلیزی falsification theory پێدەوترێت.

ئەگەر بێت و پێشگریمانەیەک بۆ باسەکەمان دابنێین، مەبەستمان لە بەکار هێنانی وشەی زانست، بریتییە لە زانستە سروشتیەکانە لە تەواوی باسەکەدا.
ئەو زانستەی کە لە هەستەکانمانەوە و لە رێگای تێبینیکردنەوەوە observation و دواتر تاقیکردنەوەو دانانی گریمانە و گەشتنە دەرئەنجامێک و دوبارەکردنەوە و دانانی تیۆری مەعریفەمان پێدەدات.
هەر بەهۆی ئەو مەعریفەی کە بیردۆزە زانستییەکان بە ئێمەیان داوە، ئێمە لێکدانەوە بۆ دیاردە سروشتیەکان دەکەین، پێشبینی بۆ داهاتوو دەکەین و خەیاڵی زانستی دادەرێژین و تەکنەلۆژیایی پێ بەرەو
پێش دەبەین clinical application.

ئەگەر بێت و باسی کۆمەڵگای کوردی بکەین، دەبینین ئێمە ڕوانینی جیاوازمان هەیە بۆ زانست، کە دابەش دەبێت بۆ دووبەرەی گەورە ئەوانیش بریتین لە زانستخوازان و  ئەوانەی دژی زانستن. 

زیاتر جەخت لەسەر لایەنگیرانی زانست  دەکەینەوە کە بەڕای من دەبن بە سێ بەرە بەرەی یەکەم کە کەمینەیەکن، ئەوانەن کە ئاگاداری مێژووی بەرەوپێشچونی زانست و میتۆدۆلۆجی زانست و ڕەوتی لوجیکاڵ پۆزەتیڤیزمن و زانست بە تاکە سەرچاوەی مەعریفەکان دەزانن. جۆری دووەم تر ئەوانەن زانست وەکو سەرچاوەی مەعریفە قبوڵ دەکەن بەڵام لە بەرامبەردا سەرچاوەی دیکەی مەعریفەشیان هەیە. جۆری سێیەمیش ئەوانەن نائاگایانە زانست پیرۆز دەکەن و ئەسڵەن هیچ لەسەر چەمک و چۆنیەتی کارکردنەکەی نازانن، ئەم جۆرەیان بەشێکی زۆری باوەڕدارانی گرتۆتەوە بەتایبەت ئەوانەی خەریکی ئاشتەوایی نێوان دەقە ئاینیەکان و نوێترین بڵاوکراوە زانستیەکان.


کارەکانی کاڕڵ پۆپەر و تیۆری بەهەڵەخستنەوە بۆچی بۆ ئێمە گرنگە؟  پۆپەر لە شارستانیەتیەکدا بووە کە خاوەنی زانست و مێژووی زانستە. ئەو هاتووە ڕەخنەی لە زانایانی پێشخۆی گرتووە. 

جا بێگومان ئەو ڕەخنە ئەکادییمیانەی لە هەناوی  ڕۆژئاواوە لە کاری زانایان و پرسە زانستیەکان دەگیرێت بۆ ئێمەی میللەتانی بەکاربەری بەرهەمی زانستیش گرنگە.

گەر دەستپێشخەریەک بکەین بۆ چونە ناو تیۆریەکەوە، کارڵ پۆپەر پێی وایە باوەڕی زانستی دەکرێت بگۆردرێت بەپێی کات، بەڵام باشترین بەدەستهاتووە بۆ سەردەمی ئێستامان.

واتا لەسەردەمی ئێستامان کۆمەڵێک گریمانە و بیردۆز و مودێل هەن کە بەگەورەیی لێیان دەڕوانرێت بەڵام ئەو تیۆریایانە حەتمی نیین بەڵکو باشترین فۆرمی بەدەستهاتوون تاوەکو ئێستا.

کارڵ پۆپەر ڕەخنەی لە شێوازی کلاسیکی بۆ ڕوانین لە زانست دەگرت، واتا ڕەخنەی لە لۆژیکی گشتاندن inductive reasoning و قوتابخانەی فەلسەفی لۆجیکاڵ پۆزەتیڤیزم دەگرت.

گشتاندن indctivism چییە لە زانستدا؟
گشتاندن واتا گواستنەوە لە تایبەتەوە بۆ گشت.

بۆ نمونە تۆ قازێک دەبینیت، سەیر دەکەیت ئەو قازە سپییە، لە شوێنێکی تر قازێکی تریش دەبینیت ئەویش سپیە، تا وای لێدێت چەندین قاز دەبینیت هەموویان سپین.
جا دواتر تۆ دێیت ئەم حاڵەتە تاکیانە دەگشتێنیت و گریمانەیەک دادەنێیت دەڵێیت کەواتە هەموو قازەکان سپین.

بەڵام کارڵ پۆپەر بە جۆرێکی تر بیری دەکردەوە ئەو دەیوت لەم شێوازە کلاسیکیەی گشتاندن زانایان بە دوای ئەو بەڵگانە دەگەرێن کە پشتگیری لەو گریمانەیە دەکات کە دایان ناوە.

بەڵام لە بنچینەدا زانایان دەبێت بەدوای ئەو بەڵگانە بگەرێن کەوا گریمانەکەیان هەڵدەوەشێننەوە، پوچی دەکاتەوە، بەهەڵەی دەخاتەوە نەک ئەوەی کە هەوڵبدات بیسەلمێنێت و بیسەپێنێت.

پۆپەر هەر ئەم بەهەڵە خستنەی کردبووە بنەما بۆ کێشەی جیاکردنەوەی زانست لە زڕ زانست،
کە گەورەترین پرسی نێو فەلسەفەی زانستە.
the problem of demarcation
ئەو دەیوت ئەو تیوریایەی کە ئەگەری بەهەڵەخستنەوەی لە هەناویدا هەڵگرتووە زیاتر زانسییتە وەک لەوەی کە بەهەڵەناخسترێتەوە و هەموو پێشهاتێک دەهێنێتە ژێر گریمانەکەی.

کارڵ پۆپەر لە سەردەمی خۆیدا بەوردی  ئاگاداری بانگەشەکانی فرۆید و ئادلەر و کارەکانی مارکس و بیردۆزەکانی ئانیشتاین بووە تەنانەت لە هەندێک وانەی ئانیشتاین ئامادەیی هەبووە.

ئەو لە کارەکانی ئەم زانایانە ورد بۆتەوەو ویستویەتی بزانێت ئەوان چ میتۆدێک بەکاردەهێنن بۆ کارە زانستییەکانیان.

ئەو تێبینی ئەوەی کرد کە ئانیشتاین کاتێک کە تیۆری ڕێژەیی دانا کۆمەڵێک پێشبینی دانا کە وتی ئەگەر نەیێنە جێ ئەوا تیۆریاکەم هەڵەیە.

وردەکاری چیرۆکەکە باس ناکەین، بەڵام ئەو خۆرگیرانەی کە لە مەدەغەشقەر لە ئەفریقا ڕوویدا شاهێدی ڕاست دەرچوونی پێشبینیەکەی ئاڵبێرت ئانیشتاین بوون. 
شایانی باسە یەکێک لەو کەسانەی کە چووبوو بۆ ئەم چاودێریکردی خۆرگیرانە خودی کاڕڵ پۆپەر بوو.

ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین ئاڵبێرت ئانیشتاین پێشبینی دەکات و هەوڵی بەهەڵەخستنەوەی تیۆریەکەی دەدات.

هەر لەو سەردەمە دا پۆپەر کۆمەڵێک زانای بینی کەوا هیچ پێشبینیەکی ترسناک ناکەن بۆ ئەوەی تیۆریاکانیان ڕەدبکرێتەوە، بەڵکو لە ژێر ڕۆشنایی تیۆریاکانیان هەموو ئەگەرێک لێکدەدەنەوە.

ئەو باسی کۆمەڵێک کاری دەروونزان فرۆید دەکات بە تایبەتی لە مەسەلەی نەست و من و منی باڵا و حەزە سروشتییەکان، ئێمە ناتوانین بەهیچ جۆرێک ڕەخنە لەم کارانە بگرین یان هەوڵی بەهەڵەخستنەوەی بدەین، کەواتە بە گوێرەی پوچەڵکاری پۆپەر ئەم بابەتانەی فرۆید دەکەونە چوارچێوەی زڕزانستەوە.

ئەوەی زۆر بە ڕوونی کاڕڵ پۆپەر لە پۆزەتیڤیستەکان جیا دەکاتەوەوە مەسەلەی جیاکردنەوەی زانست و زڕزانستە، کە تێیدا بەهەڵەخستنەوە بەپێوەردادەنێت.
پۆپەر دەڵێت ئەوەی کە زانست نییە مەرج نییە بێ مانا بێت، بەپێچەوانەوە ڤتگنشتاین و پۆزەتیڤیستەکان دەیان وت ئەوەی زانستی نەبێت بێ مانایە و نابێت قسەی لەسەر بکەین.
پۆپەر دەڵێت ئێمە کۆمەڵێک بیردۆزی بە مانامان هەیە کە زانستی نیین.

بە پێچەوانەی ڕووانینی هەریەک لە فڕانسس بەیکۆن و ماخ و کۆمت و پۆزەتیڤیستەکان، پۆپەر پێی وایە زانایان لۆژیکی بەتایبەتکردن deduction reasonning بەکار دەهێنن.

پۆپەر دەڵێت زانست بەباشترین شێوە خۆی نومایان دەکات کاتێک لۆژیکی بەتایبەتکردن بەکاردێت.

واتا زانا بنەما گشتییەکەی لە هزری داناوە و دێت تاکە تاکە سەیری حاڵەتە تایبەتەکان دەکات. 
بۆ نمونە نیوتن ئەو بنەمایەی دانابوو کە هەمووشتەکان بەردەبنەوە، ئەوجا دواتر هات سەیری سێوێکی دەکرد کە بەردەبێتەوە، وە ئانیشتاین بە لۆژیک و بیرکاری ڕووت بنەماکانی تیۆریاکەی دانا، ئەوجا سەیری خۆرگیرانەکە کرا بۆ دروستی کارەکەی.

وە یەکەم جار وتراوە هەموو قازێک سپیە، دوای ئەوە هەر قازێک بینراوە سپی بووە.

وەک بڵێی پۆپەر دەیەوێت بە ئەزموونیەکان empiricists بڵێ ئێمە تەختەی سپی نیین تەنها بە هەستەکانمان مەعریفەی زانستی وەربگرین.
بەڵکو ئێمە، خەیاڵی ئێمەی زانا ڕۆڵی هەیە و ئێمە کاتێک سەیری هەرشتێک دەکەین پێشگریمانەی خۆمان بۆی هەیە.

هەروەک زانیمان کەوا لۆژیکی گشتاندن کۆمەڵێک کێشەی هەیە تەنانەت پۆپەر دەڵێت بەهۆی کەمهێنانەوە هەر لەسەردەمی هیومەوە گشتاندن بەسەرچووە، با بزانین پۆپەر و ئەوانەی ڕەخنەیان گرتووە لەم لۆژیکە چی دەڵێن.

پۆپەر دەڵێت ئێمە ناتوانین سەرنجی هەموو گەردوون لە هەموو کاتێکدا بدەین.

ئێمە هەموو ئەو قازانەمان نەبینیون لە ڕابردوو ژیاون یا ئێستا هەن یا لە داهاتوو دەبن. چۆن دەکریت بڵێین هەموو قازەکان سپین؟ دەکرێت قازێکی ڕەش هەبێت ئێمە نەمان بینیبێت.

کێشەیەکی تر کێشەی ناکۆتایی ژمارەیە. ئایا ئێمە چەند جار سەیری حاڵەتە تایبەتەکان بکەین بۆ گشتاندن بکەین؟ بە چ پێوەرێک ژمارە دادەنێین؟ ئەگەر کەسێک بڵێ سەیری ۱۰۰۰ قاز دەکەین بۆ ئەوەی بڵێین هەموو قازەکان سپین. دەکرێت کەسێکی تر بێت بڵێت بۆ سەیری ۱۰۰۱ نەکەین یا بۆ ۱۰۰۲ یا هتد...؟

بیرتراند ڕاسڵ، بیرکاریزان و ئەزمونگەرایی سەدەی بیست دەڵێت "هەموو زانیینێکمان وە بیرهێنانەوەیە بۆ نەزانینێکی لەوەو پێشمان".

واتا کاتێک ئێمە لە بابەتێکدا دان بە نەزانین دادەنێین هەوڵدەدەین شتی نوێی دەربارە بزانین، بەڵام کاتێک دێین بە زانینێکی ساختە و ئەفسانەیی شوێنی دەگرینەوە چیتر بەرەوپێشچوونی  زانستی ڕوونادات.

پۆپەریش هەمان ئەنجامگیری کردووە لە تیۆریاکەی دا و دەڵێت ئەو زانایەی کە هەوڵی بەهەڵەخستنەوەی تیۆریاکەی دەدات زیاتر هەوڵی پێشخستنی زانست دەدات وەک لەو زانایەی بەردەوام دەیەوێت تیۆریاکەی بسەلمێنێت و هەموو پێشهاتێک لە ژێر ڕۆشنایی تیۆریاکەی لێکدەداتەوە.

کێشەیەکی تر ئەوەیە کاتێک ئێمە دێین حاڵەتە تاکی و تایبەتییەکان دەگشتێنین دەکەوینە نێو  هەڵەی لۆژیکی چەسپاندنی دەرئەنجامbigging of the question کە بەشێکە لە هەڵەی بازنەی circular fallacy 

با نمونەیەک بهێنینەوە لەسەر ئەم هەڵە لۆژیکییە.

"دەڵێن ئازاد درۆی کردووە."

 نەخێر، وا نییە. ئازاد کەسێکی ڕاستگۆیە، من پێم وایە کەسێکی ڕاستگۆیە؛ بەتایبەتی کە خۆی گوتی من کەسێکی ڕاستگۆم، جا پیاوێکی ڕاستگۆی وەک و ئازاد چۆن درۆی وا دەکات. 

دەبینین لەنێوان پێشەکی و دەرئەنجام وتووێژێکی بازنەی هەیە بەبێ بەڵگەی قایلکەر.

ئەو کەسانەی ئەم هەڵە لۆژیکەئەنجام دەدەن دەیانەوێت شتێک بسەپێنن بەبێ بەڵگەی پەیوەندیدار.

دایڤد هیوم کە ئەزموون گەرێکی سەدەی هەژدەیە دەڵێت ئەو هۆکارەی وایکردووە زانایان متمانە بە گشتاندن بکەن ئەوەیە کە گشتاندن دەرئەنجامی زۆرباشی بەدەستەوە داوە لەهەر تاقیکردنەوەیەکی ڕابردوودا وە هەمان دەرئەنجامی خۆی بەدەستەوە دەدات لە هەر تاقیکردنەوەیەکی داهاتووا.

هیوم دەڵێت زانایان ئەوە لەبیردەکەن کەوا ڕستەی "وە هەمان دەرئەنجامی خۆی بەدەستەوە دەدات لە هەر تاقیکردنەوەیەکی داهاتووا"  گریمانەیەکە دەرئەنجامی گشتاندنە.

واتا زانایان بۆسەلماندنی گشتاندن، خودی گشتاندنیان بەکارهێنایەوە کە ئەمەش هەڵەیەکی لۆژیکیە.

سەبارەت بە کێشەکانی گشتاندن ئەم فەیلەسوفانەی کە لە بازنەی ڤییەنان و ئەوانەی باوەڕیان بە گشتاندنە ئاگاداری ئەم کێشانەن و وەڵامیان هەیە و پاساوی خۆیان هەیە بۆ ئەوەی کە هێشتا گشتاندن بە باشترین مێتۆد دابنێن.


پۆزەتیڤیستەکان دەڵێن زانست بەم شێوازە کونتڕۆڵکراوە بەدەست ئێمەو سەرنجەکانی ئێمە بۆ دنیا و سوودی هەبووە بۆ مرۆڤایەتی، بۆیە ئێمە لەسەرهەمان باوەڕ بەردەوام دەبین. وە بۆئەوەی ئێمە ڕێگە بەخۆمان بدەین کە لۆژیکی گشتاندن لە بابەتە زانستیەکان بەکاربهێنین پێویستە ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێبکەین. 

یەکەم: پێویستە ئێمە زۆر بە وردی سەرنجی جیهان بدەین و لایەنگیری پێشوەختەمان نەبێت بۆ هیچ تیۆریایەک.

دووەم: پێویستە ئێمە بتوانین سەرنجەکانمان بە زمانێکی ڕوون بگەیێنیە خەڵکی تر.

inter subjuctive discription

و شیکاری لۆجیکی بۆ بکەین logical analysis

سێیەم: پێویستە ئێمە ژمارەیەکی زۆر حالەتی تایبەتی ببینین بۆ ئەوەی گشتاندن ئەنجام بدەین.

ناکرێت قسە لەسەر گەڵای ڕووەکێک بکەی دوا ئەوەی سەیری ۲۰ دانەیت کردبێت بەڵایەنی کەمەوە ۲۰۰۰ دانە سەیر بکە.

چوارەم: کاتێک ئێمە کە تێبینی و سەرنجی حالەتەکان دەکەین دەبێت لە بارودۆخ و شوێن و کاتی جیاواز ئەو سەرنجانە بدەین بۆ ئەوەی بزانین کە تاکە هۆکار بۆ ئەوەی گەڵای ڕووەکێک ئاوا پانە هەر ئەوەیە کە تیشکی ڕۆژ بە لاری لێیدەدات یان هۆکاری تریش هەیە کە دوای ئەوەی بارودۆخ و شوێن کاتەکەمان گۆری هۆکارەکان دەربکەون.

پێنجەم: نابێت کاتێک تۆ خەریکی تاقیکردنەوەی تیۆریاکەتی هیچ حاڵەتێکی دژ بە تیۆریاکەت بۆ دروست بێت چونکە بەم شێوەیە هەڵدەوەشێتەوە.

زانایان جەختیان لەوە دەکردەوە کە گشتاندن و بیردۆزی زانستی بۆ ئێمەی مرۆڤ گرنگیەکی زۆری هەیە.

بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین پێشبینی بۆ داهاتوو بکەین و لێکدانەوە بۆ دیاردە سروشتیەکان بکەین و تەکنەلۆژیای کرداری زیاتر بەرەو پێش ببەین.

هەموو ئەو خەیاڵە زانستیانەی کە ئێمە ڕۆژانە لە فیلمەکان دا دەیبینین بەهۆی ئەم تیۆریا زانستیانەن کە ئێستا هەمانن.

ئێمە بەهۆی بیردۆزەوە لێکدانەوە بۆ بومەلەرزە و گرگان و تسۆنامی و زیانی بەهێز دەین.

وە ئێمە بەهۆی تیۆریای کێشکردن و مودێلی کەوتنە خوارەوی ئازاد دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین ئەگەر بەردێک لە دووری دە مەتر لە زەویەوە فڕێ بدەین چەند کاتی دەوێ بۆ کەوتنە خوارەوە.

d= 1/2 g t^2

وە ئێمە بەهۆی بیردۆزی زانستییەوە هەرچی تەکنەلۆژیای ئەم سەردەمە هەیە پەرەمان پێداوە.

بۆیە سەرئەنجام ئێمە دەبێت بزانین کە بیردۆزی زانستی پێگە و مەکانەتێکی زۆر گەورەی هەیە و سودێکی زۆری بە مرۆڤایەتی گەیاندووە.

وە بۆ ئێمەش گرنگە لەسەر زانست و مێژووی زانست و میتۆدۆلۆژی و فەلسەفەی زانست بخوێنینەوە و مەعریفەمان زیاتر بکەین بە تایبەتی ئەوانەمان کە لەناوەندی ئەکادیمی و مەعریفی کاردەکەین.


۲۵ ی۲ی ۲۰۲۱  هەولێر

اسامە قوباد


سەرچاوەکان:

1- popper,k.R., the logic of science discovery

(1959)

2- (Ayer,A.J, logical positivism,(1959

















 







تعليقات

إرسال تعليق

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

چۆن بە شێوەیەکی کاریگەر لەگەڵ مۆدێلە زمانییە گەورەکان قسە بکەین؟

"نهێنییەکانی کتێبخانە سەرسوڕهێنەرەکەی AI: گەشتێک بۆ دۆزینەوەی جادووی ژیری دەستکرد"

ڕوانینێکی نوێ بۆ ژیری دەستکرد و تۆڕی دەستکردی دەماری: گیۆفێری هینتۆن