کۆدەنگییە بێدەنگەکەی سادەیی
بنەمای تیغەکەی ئۆکام
تیغەکەی(موسەکەی) ئۆکام ئەو بنەمایەیە کە دەگەرێتەوە بۆ فەیلەسوف و لاهووتناسی فەرەنسی مەسیحی ولیام ئۆکهام (1285-1347) کە کۆتایی سەدەی سێزدەم و سەرەتای سەدەی چواردەم ژیاوە.
ئۆکام یەکێک بوو لە دیارترین ناوەکانی مێژووی فەلسەفە لە سەدەکانی ناوەڕاست.
"پێویست ناکات زیادە بخەینە سەرشتێک ئەگەر هیچ زەڕوریەتێک نەبوو بۆ ئەم کارە"
[entity shouldnt be multiplied beyond necessity.]
بنەماکەی ئۆکام ئەولەوییەت دەدات بەسادەیی
کاتێک چەن ڕوونکرنەوەیەک هەبن بۆکێشەیەک، ئۆکام بەتیغەکەی دەست دەکات داتاشین تاوەکو سادەترین روونکردنەوە دەمینێتەوە بێ گومان ئۆکام کاتێک ئەوە دەکات کە هەموو شتەکانی تر جێگیر بن.
ئۆکام هەرگیز بانگەشەی ڕەوایی ئەم ئارگومێنتەشی نەکردووە، ئەو بەرێگایی زۆر سەرسورهێنەر بەکاریهێناوە هەربۆیە زیاتریش ناوی ئەو لەگەڵ ئەم بنەمایە دێت.
لەڕاستیدا ئەو هەوڵی دەدا پەرجووەکانی خودا بسەلمێنێت بەڵام ئێستا بنەمایی سادەیی مانای گۆڕاوەو لە زۆر بواردا بەکاردەبرێت وەکو (مێتافیزک و لۆژیک و فەلسەفە و فەلسەفەی سروشتی و فیزیا و کیمیا و رامیاری و ئەخلاق و لاهووتناسی)
ئەرستۆ (384-BC.322)لە posterior analytics دەڵێت ئەوەلیەت بۆ ئەو بانگەشەیە کە کەمترین گریمانە دەخاتەڕوو.
لەسەدەکانی ناوەڕاستیش،
تۆماس ئەکویناس (1225-1274)نوسی: ئەگەر کارێک بەشێوەیەکی گونجاو بە یەک ڕێگا ئەنجام درا پێویست ناکات بەچەندین شێوە ئەنجامدرێن، ئێمە کە سەیری سروشت دەکەین پێویست ناکات دوو ئامێر بەکاربهێنین کاتێک یەک دانە کافیییە.
لەوانەیە باشترین نمونە لەسەر تیغەکەی ئۆکام ئەو بەروپێشچونە زانستی و شۆرشە گەردوونیە بێت کە زانایی فەلەکی پۆڵەندی نیکۆڵاس کۆپەرنیکۆس خوڵقاندی (1473-1513) پێش مردنی، ئەو کاتە ئەو بیردۆزەی باسی ئەوەی دەکرد کە زەوی چەقی گەردوونە پاڵپشتی دەکرا بە epicycle و بەکارهێنانی رونکردنەوەی بیرکاریانەی ئاڵۆز کە جوڵەی مانگ و جوڵەی پێچەوانەیی چەند هەسارەیەکی لێکدەدایەوە کاتێک زەوی سەنتەربێت بەڵام کاتێک کۆپەرنیکۆس سیستەمی کۆمەڵی خۆری پێشکەش کرد توانی روونکردنەوە بۆ جوڵەی هەسارەکان بدات بە شێوازێکی سادە کە کەمتر ئاڵۆز بوو لەچاو زەوی سەنتەری و عەقدەیی ئاینی ئەو کاتە.
کانت(1724-1804) لە ڕەخنە لە ئەقڵی پەتی دا دەڵێت بنەماکان پێویست ناکات بەبێ زەڕوورەت زیاد بکرێن. کانت بانگەشەی ئەوە دەکات کەوا ئەمە بیرۆکەیەکی رێکخراوی ئەقڵی پەتییە و وا لەزانایان دەکات بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ سروشت بکەن[لە هەندێ لەسەرچاوەکان کانت وەک ئەنتی razor یان ئەوەی کە شێوازێکی تایبەتر بەخۆی هەبێت ناوزەند دەکەن]
وە هەردووک لە گالیلۆ و نیوتن جۆرێک لە ڤێرژنی تیغەکەی ئۆکامیان قبوڵکردووە.
لەڕاستیدا نیوتن (1687)ئەم بنەمایەی وەک یەکێک لە سێ یاسایە فەلسەفیەکانی دادەنا
لەسەرەتای کتێبی سێی پرەنسیپا ماتماتیکا:
یاسای یەکەم: ئێمە نابێ هیچ هۆکارێک بۆ شتە سروشتیەکان زیادبکەین مەگەر ڕاست و کافیی بن بۆ ڕوونکردنەوەی شکڵ و دەرکەوتنیان.
نیوتن تێبینی ئەوەی کردبوو کەوا سرووشت تەبایە لەگەڵ سادەیی دا و ئێفێکتەکانی لە هۆکارە زیادەکانەوە نەهاتوون.
کیمیازانی سەدەی هەژدە،
ئەنتۆن لاڤوازیێ(1743-1794) دەنوسێت: ئەگەر کیمیا شەرح کرا بە رێگایەکی ڕازیکەرانە بەبێ باسکردنی فڵۆجیستۆن(مادەیەکی گریمانەیە لەسەدەی هەژدە وا گومان دەبرا لەهەموو تەنێکدا هەبێت) ئەمە بەسە بۆ ئەوەی بڵێین کەوا شتێکی وا بوونی نییە، چونکە دواجار لۆژیکی ترە شتە ناپێویستەکان باسنەکرێن.
۱۵۰ ساڵ دواتر ئانیشتاین لە بەرزنرخاندنی ئامانجی زانستدا دەڵێ ...... ئەمە بۆ ئەوەیە گەورەترین ڕاستی ئەزموونی بە لۆژیکی دێدەکتیڤانە لە کەمترین گریمانە و مۆدیلی گونجاو دەربهێنرێت.
هەروەک وتمان بنەماکەی ئۆکام ئەولەوییەت دەدات بە سادەیی کاتێک چەن ڕوونکرنەوەیەک هەبن بۆ کێشەیەک، سادەترین روونکردنەوە هەڵدەبژێرێ بێ گومان ئۆکام کاتێک ئەوە دەکات کە هەموو شتەکانی تر جێگیر بن.
پرسی جێگیربوونی هەموو شت و باردۆخەکانی تر لە واقعدا زۆر ئەستەمە، ئەمە لەوانەیە وابکات بەکارهێنانی تیغەکەی ئۆکام زەحمەت بکات چونکە زۆرجار بیردۆزەکان کۆمەڵێک شتی جیاوازیان هەیە کە شایەنی باسن.
جگە لەمەش پرسی ئەوەی چ شتێک زەڕوورەتە دێتە پێشەوە، وە ئۆکام هەرگیز ڕێگەی بە ئێمە نەداوە کە زیادکراوەکانی تیۆریە ناسادەکان پشتگوێ بخەین؛ بەڵکو لە باشترین حاڵەت دا هانمان دەدات کەوا بەبێ ئەوی هیچیان لێبزانین زیادە دانەنێین لە تیۆرەکاندا.
ئەمە لە بەرئەوەی مرۆڤ قەد ناتوانێت دڵنیابێت لەوەی سنور و ئەودیو سنوری زەرووریات چیین؟ زەرووریات ناڕوونن بۆ ئێمە بەڵام تەنانەت ئەگەر ڕوونیش بن ناکرێ زیادکراوەکان پشتگوێ بخەین.
لەلای ئۆکام تاکە زەڕوورەیتی حەقیقی وجودی خوایە ئەوانی تر هەموو لێکەوتەن لێرە و لەوێ.
لە سادەییش دا دەتوانین بڵێین دوو سادەیی هەن، سادەیی سینتاکسی و سادەیی ئۆنتۆلۆجی.
سادەیی سینتاکسی باس لە ستایل و سادەیی پێوانەی ژمارەو دەڕبرینی واتاکان دەدات لە بنەما سەرکیەکانی تیۆرێک بەڕوونی و بەکەمترین ڕستەی دەربردراو.
بەڵام سادەیی ئۆنتۆلۆژی باس لە جۆر و سروشتی ئەو بابەتانە دەکات کە خراونە ڕوو لە تیۆرێکدا.
زۆر جار لە تیزە فەلسەفیەکان چەمکی سادەیی دەلالەت لە سادەیی ئۆنتۆلۆژی دەکات وەک هەمان واتا بەکاردەهێنرێت هەرچەند لەنێوان ئەم دوولایەنەی سادەیی دا زۆر جار ناڕوونی دروست دەبێت لە بنەمای تیغەکەدا.
پرسیارەکە ئەوەیە پەیوەندی نێوان ئەم دوو جۆر لە سادەیی چۆنە؟
دەکرێت تۆ بە دەربرینێکی درێژدادڕ شتێک دەرببریت بەڵام بوونیەتی شتەکە سادەتربێتەوە و ئاسانتر هەزم بکرێت؛ بەدەربڕینێکی تر دەکرێت سادەکرنەوەی ئۆنتولۆژی بابەتێک تەنها بەوە بکرێت کە لە بواری سینتاکسدا ئاڵۆزتربکرێت.
پرسیارێکی تر ئەوەیە چۆن بەڵگە دەهێنینەوە بۆ دروستی ئەم بنەمایە، بنەمای تیغەکەی ئۆکام؟
دەبینین کە تاڕادەیەک کۆدەنگیەکی بێدەنگ هەیە لەسەر بنەمای سادەیی و وەک فەزیلەتێکی تیۆری لێی دەڕوانرێت.
هەندێک بە بنەڕەت و هەندێک بە بەڵگەنەویست و هەندێکیش وەک بنەما سەیری دەکەن.
لەناو فەلسەفەدا تێغەکەی ئۆکام زۆر جار دژی تیۆرە مێتافیزکیکیەکان بەکاردەهێنرێت و بەهانەی ئەوە دەدەنە پاڵیان کەوا زیادە دەخەنە سەر بونیادی ئۆنتولۆژی شتەکان.
بۆنمونە ماتریالیستەکان لەبابەتی ئاگایی دا تیغەکەی ئۆکام دژی دوالیستەکان بەکاردەهێنن و دەڵێن کەوا دوالیستەکان کاتیگۆری ئۆنتۆلۆژی زیادە دەخەنەڕوو بۆ لێکدانەوەی دیاردە هۆشیەکان. بەهەمان شێوە نۆمیناڵیستەکان(ناوگەراکان) دەربارەی بابەتە ئەبسراکتەکان لەوانەیە تیغەکەی ئۆکام بەکاربێنن لەدژی ئەفڵاتۆیزم و ریاڵیزمەکان و وایان لێدەکەن کە پابەند بن بە بوارێکی فراوان کە تێیدا بڕی بیرکاری و بنەما گشتی و گەردوونیە ئەبستراکتەکان ڕۆڵ نابینن.
osama qubad
17/7/2021
references:
1.https://www.britannica.com/topic/Occams-razor
2.https://plato.stanford.edu/entries/ockham/
3.https://plato.stanford.edu/entries/simplicity/
4.https://iep.utm.edu/ockham/
5.https://www.encyclopedia.com/earth-and-environment/ecology-and-environmentalism/environmental-studies/occams-razor
6.https://www.encyclopedia.com/science/science-magazines/science-philosophy-and-practice-ockhams-razor
7. https://www.newworldencyclopedia.org/entry/Ockham%27s_razor
تعليقات
إرسال تعليق