بێ مانایی ئیمان
کاتێک شتێک مانایی دەبێت کە بتوانرێت بۆ ئەوانی تر بگوازرێتەوە، واتە لە نێوان مرۆڤەکاندا ئاڵوگۆری پێبکرێت و لەخودی خاوەنەکەی جودا بێتەوە هەربۆیە وشە و ڕستە و دەربڕینەکان مانادارن چونکە ڕستەکان مانادەدەن بێ ئەوەی پێویست بەوە بکات کە بێژەرەکەیان لەتەک بڕوات.
لەبەرامبەردا ئەو بابەتانەی لە خاوەنەکانیان جیانابنەوە تەنانەت ئەگەر دەربڕین و وشەشیان بۆ دابنێین هەر لە ماناکانیان تێناگەین وەک و مەرگ چونکە ئێمە مەرگ نابینین ئەوەی دەیبینین کەسی مردووە نەوەک مەرگ بۆیە بۆ ئەوەی بزانین مەرگ چییە ئەبێت خۆمان ئەزموونی بکەین.
یان ئازار کە لە خاوەنەکەی جیانابێتەوە هەتا کاتێک وەسفی ئازارێک دەکەیت ناتوانیت ئەوانی تر تێبگەیێنیت، وەک احمد موختار جاف ئەڵێت تۆ کە سووتانت نەدییوە مەنعی گریانم مەکە
ئیمان لە مرۆڤی ئیماندار جیاناکرێتەوە بۆیە هەرگیز بێ ئیمانێک هەتا ئیمان نەهێنێت قەد لە ئیمان تێناگات چونکە لە بنەڕەتدا ئیمان خۆی بێ مانایە واتا لە خاوەنەکەی جیانابێتەوە بەم پێیە بێ پێغەمبەرایەتی و خودی خواش بێمانایە
باشترین ڕێگە بۆ ناسینی بابەتە بێماناکان هەوڵدانە بۆ چەشتنیان بەوەی ببیتە یاریان
بەشێوەیەک ببنە ئونسی گیانت یا مەست و حەیرانت بکەن یا خەشیەت و ترس مەحەبەت و هەڵبەزو دابەزو کرژبوونەوەی پێست و خاوبوونەوە و گریان و فرمێسک ڕشتن و راز و نیاز گۆڕینەوە تیا دروسبکەن ئەمانە کە بابەتی مانادارنیین خەسڵەتی ئیمان هێنان.
ئیمانداربوون!
ئەوەی نەوترێ و مانای نەبێت نایەتە باسکردن بەڵکو دەبێت شتێک لەوەت لابێت ئەو دەم تێی دەگەیت.دەوترێ کەوا یەکێتییەک هەیە لە نێوان زمان و وێنەدا بەوەی ئەم شتەی وێنەی نەبێت مانای نییە(مانایی نییە نەوەک بوونی نییە)
هەموو ئەوەی دەتوانین بیری لێبکەینەوە ئاوا وێنەدار و دواجار مانادارە، هەموو ئەوەشی مانای نییە لەبەرئەوەیە کە وێنەی نییە وناچێتە نێو بیرو هۆشی ئێمەوە.
بەم جۆرە ئیمان و خودی خواش بێمانان
لەبەر ئەوەیە مەولانا دەڵێت
هرچە اندیشی پزیرای فناست
انکە در اندیشە ناید ان خداست
ئەوەی بیری لێبکرتەوە فانی و تیاچووە
ئەوەی بیری لێناکرێتەوە ئەوە خودایە
بەڵام کە ناتوانین لە شتە بێماناکان بیربکەینەوە ئەوە مانای ئەوە نییە کە ناتوانین مامەڵەشیان لەگەڵ بکەین، بۆ ئێمەی مرۆڤ ڕێگای ئیمان بە بیرلێکردنەوەو مانادارکردن نییە بەڵکو
بە چەشتن و تەسلیمبوونە
وەک مەولەوی تاوەگۆزی ئەڵێت
دەمێک داخم دەکەی و دەمێک بۆ باخم دەبەی من سەرم لەرێگەت دایە.
کاری ئەقڵ ناساندنی ئیمان نییە بەڵکو دیاریکردنی سنوری ناسین و دەرخستەی ئەوەیە کەوا هەندێک بابەت هەن لە دەرەوەی باسکردنن.
هەر وەک ناڵی بەشێوازە باس لە ناتوانای خۆی دەکا بۆ دەربڕینی ئەم ئەزموونەی کە کردوویەتی
اللە اللە چ حزوورێکە ئەمما نییە باس!
لەش ساغ بی گیانی شیرینم، بۆ ئەم مەعریفەتە ناسكەت تەشەكور و سوپاسم ھەیە.
ردحذف