زیرەکی دەستکرد و داهاتووی ئازادی
هەرگیز بووە ئەمڕۆ کەسێک
ببینیت و دواتر فەیسبووک
لەبڕگەی (people may you know) دا پێشنیاری هاوڕێیەتی ئەو کەسەت بۆ بکات.
[- چۆنی، کاکە ئەمن یەک دوو ڕۆژە لێرە دەتبینم ناوت چییە؟
+ برا ناوم ئوسامەیە ئەی تۆ؟
- ناوم هێمنە.
+ خۆشحالم بەناسینت برا"].
یان لەقۆناغی چواری زانکۆی خەریکی توێژینەوەی زانستی، داوات لێکراوە پێشەکیەکی جوان بۆ توێژینەوەکەت بنوسی؛ سەیردەکەیت لە بڕگەی (suggested for you) فەیسبووک پۆستێکت نیشان دەدات بە ناونیشانی (چۆن پێشەکیەکی دروست بنوسیت بۆ توێژینەوەکەت؟).
یان دەتەوێت ئایفۆن دوانزەیەک بکڕیت، سپۆنسەرەکانی نێو فەیسبووکت هەموو بووە بە ڕیکلامی ئایفۆن. لە ڕاستیدا ئەمانە رێکەوت نیین، بەڵکو بەهۆی ئەو داتا و زانیاریانەی کە ئێمە بە فەیسبووکی دەدەین ڕوودەدەن.
داتا
فەیسبووک دەزانێت ئێمە چی لایک دەکەین و سێرچ و گەڕان بۆچی دەکەین، وە دەزانێت بۆ ماوەی چەند لەسەر ڕەسمێک، ڤیدیۆیەک یان پۆستێک دەمێنینەوە و دەزانێت لە کوێ نیشتەجێین و چ کارێک دەکەین وە ئێستا لە چ جێگایەکین. فەیسبووک دێتە نێو گەلەری و وێنەکانی نێو موبایلمان وە دێتە نێو لیستی ناوی تەلەفونەکانمان وە دەزانێت بە چ بڕاوسەرێک پەڕەی فەیسبووکمان کردۆتەوە . چەند پرسیارێکی گرنگ لێرەدا هەیە، فەیسبووک بۆچی داتا کۆدەکاتەوە؟ داتای ئێمەی بۆچییە؟ لەڕاستیدا فەیسبووک دەیەوێت مۆدێلێک یا ئاڤاتارێکی ئێمە دروست بکات بۆ ئەوەی پێشبینی ڕەفتارەکانمان بکات. هەموو ئەو ڤیدیۆیانەی سەیری دەکەیت، هەموو پۆستانەی لایکی دەکەیت؛ هەموو ئەو کلیکانەی دەیکەیت وا دەکات فەیسبووک کەسێکی گریمانەیی هاوشێوەی ئێمە دروست بکات و لەڕێی ئەوەوە باشتر پێشبینی ڕەفتارەکانمان بکات، تا بازرگانیەکی سەرکەوتووی پێوەبکات بەوەی كە دڵنیایی بداتە کۆمپانیاکانی ڕیکلام لە فرۆشتنی ئێمەدا.
فرۆشتنی دڵنیایی
لە پەنجا ساڵی یەکەمی تەمەنیدا، سێلیکۆن ڤاڵی(1) لە پیشەسازیەکانيدا چەندین کاڵای هاردوێر و سۆفتوێری دەفرۆشت بە کڕیارانی، بازرگانییەکی جوانە! بەڵام، لە دە ساڵی ڕابردوو دا؛ کۆمپانیا گەورەکانی سێلیکۆن ڤاڵی دەستیانکردووە بە فڕۆشتنی بەکارهێنەرەکانیان. یانی وادابنێ مارک زوکەربێرگ پێشتر کاڵایەکی هەبوو بێت، بۆنمونە پرۆگرامێکی هەبووە و فڕۆشتوویەتی بە کڕیارانی. بەڵام، ئێستا لەنێوان ماڕک و ئێمە و کۆمپانیاکانی ڕیکلام ئەوە ئێمەین کە کاڵاین، ئێمەین دەفرۆشرێین؛ وردتر بڵێین داتاکانی ئێمەیە دەفرۆشرێت، یانی پێتوایە بەکارهێنانی فەیسبووک بۆ بەخۆڕاییە! ئیتر ئەمە یاسایەکەیە هەرکاتێک پلاتفۆرمێک فریی بوو بۆ بەکارهێنەران واتا وەکو کاڵا لێیان دەڕوانرێت و سەرنجدان و تەرکیزکردنەکانیان دەفرۆشرێت بە کۆمپانیاکانی ڕیکلام کە پارەیان داوە بەو پلاتفۆرمە. داتای زەبەلاح دەتوانێت پێشبینی زۆر ورد بدات. ئەمە وا دەکات فەیسبووک گەرەنتی بداتە کۆمپانیاکانی ڕیکلام چونکە ئەوان دڵنییان لەوەی کە ئێمەی بەکارهێنەریان هاککردووە ! چ بزنسێک لەوە سەرکەوتووترە!!
مرۆڤ هاککردن
لە سەدەی بیست و یەک تەنها کۆمپیتەر نییە کە هاک دەکرێت، بەڵکو ڕەنگە ئێمەش هاک بکرێین. ئەگەر بتوانیت تەرکیزی خەڵکی بۆ لای خۆتی ڕابکێشیت و هاکی بکەیت و بەکاری بهێنیت، ئەوکاتە ئەگەر خەڵک بڕیار لەسەر شتەکان بدەن ئەوە بێ مانایە، چونکە ئەوان نازانن کەوا سیستەمێک هەیە بەکاریان دەهێنێت و وادەکات ئەو بڕیارەی کە داویانە بەهی خۆیان بزانن. ئەگەر تا ئێستا ئەمازۆن داتای تۆیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی شتێک بکڕیت، ئەوان دەتوانن بە هەمان ئامڕاز وابکەن تۆ شتێک بکڕیت کە لە بنەڕەتدا ناتەوێت؛ یانی ئەمازون بەتەنها ئەو شوێنە نییە شتی لێبکڕیت بەڵکو ناچارت دەکات بەوەی کە چ شتێکیشی لێبکڕیت. نێتفلێکس تەنها ئەو شوێنە نییە فیلمی لێ سەیربکەیت بەڵکو ناچارت دەکات بەوەی چ فیلمێکیش سەیربکەی. فەیسبووک تەنها جێی ئەوە نییە لەپەیوەندی دابیت لەگەڵ هاوخولیاکان بەڵکو تاقیگەیەکە و ئێمەش مادە و کەرستەی تاقیکردنەوەیەن.
مشکی تاقیگە
فەیسبووک بەبەردەوامی تاقیکردنەوەی بچوکت لەسەردەکات تا لەگەڵ کات تێگەیشتنێکی باشی بۆ دروست دەبێت بۆ ئەوەی وا لە بەکارهێنەران بکات ئەو شتە بکەن کە خۆی دەیەوێت. یانی تۆ، یانی ئێمە، مشکی تاقیگەین؛ بەڵکو خراپتریشین چونکە مشکی تاقیگە لەوانەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری شێرپەنجە بەکاربهێنرێت، بەڵام ئێمە تەنها چەند پیاوێکی سپی پێست لە سێلیکۆن ڤالی، لە ئەمریکا بەهێزتردەکەین. سۆشیال میدیا ئامرازێک نییە تا ئێمە بەکاری بهێنین، بەڵکو ئامانجدارە و مەبەستی خۆی هەیە لەوەی کە هۆشی تۆ دەبات بۆ لای خۆی، ئەویش بە بەکارهێنانی سایکۆلۆژی خۆت دژی خۆت.
میدیای هۆشبەر
لە دوو بازرگانی دا بە کڕیارەکان دەوترێت بەکارهێنەر نەوەک کڕیار، ئەوانیش لە بازرگانی مادەی هۆشبەر و لە سۆفتوێر. بۆیە بە سادەیی دەتوانین بڵێین سوشیاڵ میدیا مادەی هۆشبەرە. له ڕووی بایەلۆژیەوە ئێمە پێویستمان بەوەیە کە لەگەڵ خەڵکانی تر لە پەیوەندی دا بین، ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەش دەبنە هۆی دەردانی هۆرمۆنی دۆپامین لە جۆگەڵەی خەڵاتوەرگرتن
.[reward pathway]
ملیۆنان ساڵی ئيڤەڵوشن لە پشت ئەم سیستەمەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکدا بژین و نەوە بخەینەوە و کۆمەڵگایەک دروست بکەین. تا ئەم ساتەش زۆربەمان دەتوانین لەپەیوەندی دا بین(بەباشی) لەگەڵ 150 کەسی دەوروبەرمان. گومان لەوەدا نییە کەوا ماشینێکی زەبەلاحی وەک سۆشیاڵ میدیا، کە لەسەر ئاستی فراوان پەیوەندی ئێمەی لەگەڵ خەڵکی زیادکردووە و گۆڕانکاری گەورەی دروستکردووە لە دەردانی هۆرمۆنی دۆپامین لە جۆگەڵەی خەڵاتوەرگرتن، بەمەش ئەگەری تووشبوونمان بە ئاڵوودەبوون زۆر زیاتر دەکات.
گۆڕانکاری
جۆن لانێر، زانای بواری کۆمپیوتەر و ڕەخنەگری سەرسەختی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و سێلیکۆن ڤاڵی، لەکتێبەکەیدا؛ دەیەوێت قەناعەتمان پێ بکات کە فەیسبوک و تویتەر و ھاوشێوەکانیان ھێندە بەشێوازێکی قوڵ خراپن و کاریگەرییەکانیان لەڕووی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییەوە ھێندە زیانبەخشە، کە پێویستە ھەرچی زووتر خۆمان لەشەڕیان ڕزگاربکەین. جۆن لانێر دەنوسێت: وازلێھێنانی یەکجارەكی، تاكە ھەڵبژاردەیە بۆ گۆڕانکاری. بەڵام بەبڕوای من سنوردارکردنی بەکارهێنان و ئاگاداربوون لە چۆنیەتی میکانیزمی کارکردی ئەم پلاتفۆرمانە، کارێکی گونجاوتر و مەعقولترە، چونکە تەركکردن و وازھێنان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە جیھانی ئەمڕۆدا؛ ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ نەفیکردن و دوورخستنەوە لەکۆمەڵگا دا نیە. هەرچەندە ئەم کارەش بێ مەترسی نییە و ئازادی ئێمە دەخاتە ژێر پرسیارەوە لە داهاتوودا.
داهاتووی ئازادی
هەرگیز لە مێژوودا شتێکی لەمجۆرە ڕووینەداوە کە بڕیارێک لەلایەن ۵۰ دیزاینەر لە کالیفۆرنیاوە کە تەمەنیان لە نێوان ۲۵ بۆ ۳۵ ساڵە کاریگەری لە دوو ملیار کەس بکات. دەوترێت شەڕی داهاتوو شەڕی داتایە و کێ داتای قەبەتری لابێت ئەو جیهان بەڕێوە دەبات. لە فیلمەکان دەبینین کەوا ڕۆبۆتەکان دژی مرۆڤ ڕادەپەڕن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی ترسناکترە ئەوەیە کە ڕۆبۆتەکان بەردەوام گوێڕایەڵی خاوەنەکانیان بن، بەتایبەت ئەگەر ڕۆبۆت و زیرەکی دەستکرد بەدەست کەمینە و نوخبەیەکی تۆتالیتارخواز(2) بێت. بەڵام، هەتا ئەگەر وا دابنێین کەوا زیرەکی دەستکرد لە دەست نوخبەیەکی دیموکراتخوازیش دابێت، ئەو کاتەش هەر کێشەیە؛ چونکە مرۆڤ هەمیشە خەیالی کردووە کە بونەوەرێکی بڕیاردەرە و ویستی ئازادی هەیە. چ مانایەک بۆ مرۆڤ دەمێنێتەوە ئەگەر گوگڵ بڕیاری بۆ بدات بۆ نانی بەیانی چی بخوات یا بڕیار بدات کە لەگەڵ کێ بچێتە نێو ژیانی هاوژینیەوە!!
ـــــــــــــــــ
1-سێلیکۆن ڤاڵی: دۆڵێکە دەکەوێتە بەشی باشوری کەنداوی سان فرانسیسکۆ لە کالیفۆرنیای باکور. ئەم دۆڵە، ناوەندی زۆرێک لەکۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری تەکنەلۆژیای زیرەک و ئەلیکترۆنی و نێتۆرکییە و کۆمپانیاکانی وەک ئەپڵ، گوگڵ، سیسکۆ، ئێچ پی، ئینتێڵ و ئۆراکڵ بنکەی سەرەکییان لێرەدایە.
2- تۆتالیتاریزم یان تەواوخوازی بە سیستەمێکی زاڵ دەگوترێ کە لەودا دەوڵەت یان حکوومەت بە تەواوەتی بە سەر کۆمەڵگاو تاکدا زاڵە. لەو جۆرە سیستەمەدا، دەوڵەت بەشێوەیەکی زۆرەملێیانە دەستێوەردان لە تەواوی سێکتەرەکانی وڵات دەکات.
.
.
سەرچاوەکان
تعليقات
إرسال تعليق